هذا المقال غير متاح بعد بلغتك المختارة. يُعرض النص الأصلي أدناه.
مقال
بۆچی پێویستمان بە ژانوارە؟
زۆرجار، دوای ئەوەی چەکەکان بێدەنگ دەبن، گۆڕستانەکان پڕ دەبن و قوربانیان لە ژێر خۆڵ و خاشاکی مێژوودا دەشاردرێنەوە، قۆناغێکی دیکە دەست پێ دەکات؛ قۆناغی نکۆڵیکردن، شێواندنی ڕاستییەکان، سڕینەوەی بەڵگەکان و هەوڵدان بۆ لەبیرکردنی ئەوەی بەسەر کۆمەڵگەیەکدا هاتووە. لەو ساتەدا، قوربانی تەنها لەگەڵ ئەنجامی تاوانێکی جەستەیی ڕووبەڕوو نابێتەوە، بەڵکوو دەبێت بەرەنگاری هەر هەوڵێکیش ببێتەوە کە دەیەوێت […]

زۆرجار، دوای ئەوەی چەکەکان بێدەنگ دەبن، گۆڕستانەکان پڕ دەبن و قوربانیان لە ژێر خۆڵ و خاشاکی مێژوودا دەشاردرێنەوە، قۆناغێکی دیکە دەست پێ دەکات؛ قۆناغی نکۆڵیکردن، شێواندنی ڕاستییەکان، سڕینەوەی بەڵگەکان و هەوڵدان بۆ لەبیرکردنی ئەوەی بەسەر کۆمەڵگەیەکدا هاتووە. لەو ساتەدا، قوربانی تەنها لەگەڵ ئەنجامی تاوانێکی جەستەیی ڕووبەڕوو نابێتەوە، بەڵکوو دەبێت بەرەنگاری هەر هەوڵێکیش ببێتەوە کە دەیەوێت بوون، مێژوو و یادەوەرییەکانی بسڕێتەوە. لەبەر ئەوە، جینۆساید یان قڕکردن، تواندنەوەی شوناس و کلتور و باوەڕی ئاینی، نابێت تەنها لە چوارچێوەی ئەو ساتە مێژووییەدا بخوێندرێتەوە کە تاوانەکە تێیدا ئەنجام دراوە؛ چونکە کاریگەرییەکانی دەتوانن بۆ نەوەکان درێژە بکێشن و تەنانەت لە نەبوونی دادپەروەریدا ببنە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگە زیانبەرکەوتووەکان.
لە مێژووی هاوچەرخی مرۆڤایەتیدا، هەموو ئەو تاوانانە تەنها بەشێک لە ڕابردوو نین، بەڵکوو یەکێکن لەو ڕاستییانەی کە هێشتا لە جیهاندا نەتوانراوە بە شێوەیەکی کاریگەر کۆتاییان پێ بهێنرێت. سەرەڕای بوونی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، دامەزراوە یاساییەکان و ڕێکخراوە تایبەتمەندەکان، هێشتا نکۆڵیکردن لە تاوانەکان، سزانەدانیان، لاوازیی بەرپرسیارێتی و پشتگوێخستنی مافەکانی قوربانیان بەردەوامن. ئەمەش ئەو پرسیارانەمان بۆ دروست دەکات: ئایا بە ناساندنی فەرمیی تاوانێک، ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تەواو دەبێت؟ ئایا دانپێدانان بە جینۆسایدیان هەر تاوانێکی هاوشێوە هاوتای دادپەروەرییە؟ هەروەها، ئایا تۆمارکردنی ڕووداوەکان بەسە بۆ ئەوەی زیانلێکەوتووان مافەکانیان بەدەست بهێنن؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە ئاماژە بەوە دەکەن کە ناساندنی تاوان خاڵی کۆتایی نییە، بەڵکوو دەبێتە دەستپێکی زنجیرەیەک لە بەرپرسیارێتییە یاسایی، سیاسی و ئەخلاقییەکان. دادپەروەری تەنها لە دانپێداناندا کورت نابێتەوە؛ پاراستنی ماف، قەرەبووکردنەوەی زیانەکان و دڵنیابوون لە نەبوونی دووبارەبوونەوەی ئەم تاوانانەش بەشێکی بنەڕەتین لەو پرۆسەیە.
یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکانی دوای جینۆساید، ئەوەیە کە مێژوو ببێتە مەیدانی ملمـلانێیەکی نوێ؛ ملمـلانێ لەسەر ئەوەی چی ڕوویداوە، کێ بەرپرسیار بووە و چۆن دەبێت ئەو ڕووداوانە بگێڕدرێنەوە. لە زۆر حاڵەتدا، نکۆڵیکردن لە تاوانەکان تەنها لە ئاستی قسە و بۆچووندا نامێنێتەوە، بەڵکوو دەگاتە شێواندنی بەڵگەکان، پەراوێزخستنی زیانلێکەوتووان و گۆڕینی ڕاستییە مێژووییەکان. لێرەدا پاراستنی یادەوەری تەنها ئەرکێک نییەکە دۆکیۆمێنت کردنبێت، بەڵکوو جۆرێکە لە بەرگری لە ڕاستی و پاراستنی مافی کۆمەڵگەکان بۆ ئەوەی مێژووی خۆیان بگێڕنەوە. یادەوەریی قوربانیان نابێت بە ژمارەی کوژراوان، بەرواری ڕووداوەکان و ناوی شوێنەکان سنووردار بکرێت؛ چونکە لە پشت هەر ژمارەیەکدا ژیانێک، خێزانێک، ناسنامەیەک و مێژووی کۆمەڵگەیەک هەیە. بۆیە گەیاندنی دەنگ و ئەزموونی ئەوان، بەشێکی گرنگی بەرەنگاربوونەوەی جینۆسایدە، بە تایبەتی لەو شوێنانەی کە زیانلێکەوتووان هێشتا لەگەڵ کاریگەرییەکانی تاوانەکە و هەوڵەکانی نکۆڵیکردن ڕووبەڕوون.
لە ئاستێکی دیکەدا، بەرەنگاربوونەوەی جینۆساید پێویستی بەوە هەیە کە لە چوارچێوەی ڕووداوەکانی ڕابردوو تێپەڕبێت و ببێتە بەشێک لە هۆشیاریی بەردەوامی کۆمەڵگەکان. ئەگەر هۆشیاری تەنها لە کاتی یادکردنەوەی ساڵیادی تاوانەکاندا سنووردار بێت، ناتوانێت ئەو ڕۆڵە پێویستە بگێڕێت کە لە ناسینەوەی نیشانەکانی مەترسی و پێشگرتن لە جینۆسایددا چاوەڕوان دەکرێت. هۆشیاریی ڕاستەقینە ئەوەیە کە کۆمەڵگەکان تێبگەن لە پەیوەندیی نێوان ڕەفتاری ئێستا و مەترسییەکانی داهاتوو. جیاوازیی نەتەوەیی، ئایینی و کولتووری نەبێتە هۆی جیاکاری و هەڕەشە، و بێدەنگی لە بەرامبەر کردارە جینۆسایدییەکاندا وەک بێلایەنی لێک نەدرێتەوە. بەم مانایە، هۆشیاری تەنها گەیاندنی زانیاری نییە، بەڵکوو پەرەپێدانی کولتوورێکی کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتییە کە ڕێز لە بوون و مافی گەلان بگرێت و لە بەرامبەر لەناوبردنیاندا بێدەنگ نەبێت.
بەڵام ئەم پرسیارە دەمێنێتەوە: لە جیهانێکدا کە دامەزراوە و ڕێکخراوی زۆر لە بواری جینۆساید و مافەکانی گەلان کار دەکەن، دامەزراندنی ڕێکخراوێکی دیکە چ مانایەکی هەیە؟ بەڕای من، وەڵامی ئەم پرسیارە لە جیاوازیی نێوان بوونی دامەزراوە و بەدەستهێنانی ئامانجەکاندا خۆی دەبینێتەوە. بوونی ڕێکخراو بە مانای دابینکردنی هەموو پێویستییەکان نییە، هەروەها زۆریی دامەزراوەکانیش نیشانەی تەواوبوونی کارەکە نییە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە هەر دامەزراوەیەک بە چ تێڕوانینێکەوە کار دەکات، چ بۆشاییەک پڕ دەکاتەوە و تا چەندە دەتوانێت ببێتە بەشێک لە هەوڵێکی هاوبەش بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان. ڕێکخراوە سەربەخۆکان دەتوانن بە توێژینەوە، بەدواداچوون، پەیوەندیی نێودەوڵەتی و گەیاندنی دەنگی ئەو کۆمەڵگانەی کە ئەزموونی جینۆسایدیان هەیە، بەشێک لەو بۆشاییانە پڕ بکەنەوە کە هەندێک جار لە کارکردنی دامەزراوە گەورەکاندا بەجێ دەمێنن. مەبەست لە دامەزراندنی ڕێکخراوێکی نوێ نابێت تەنها زیادکردنی ناوێک بێت بۆ لیستی دامەزراوەکان، بەڵکوو دەبێت بەشدارییەکی ڕاستەقینە بێت لە پەرەپێدانی ئەم هەوڵە هاوبەشە.
بۆ ئێمە، ئەم تێڕوانینە لە ئەزموونی مێژوویی گەلی کوردەوە واتایەکی تایبەتی و قووڵتری هەیە. گەلی کورد یەکێکە لەو گەلانەی کە ئەزموونی کۆمەڵکوژی، ئەنفال، هێرشی کیمیایی و هەوڵەکانی سڕینەوەی ناسنامە و بوونی لە مێژووی هاوچەرخدا تۆمار کردووە. بەڵام ئەوەی پێویستە لە ئەم ئەزموونەوە فێری بین، تەنها پاراستنی یادەوەریی ڕابردوو نییە؛ بەڵکوو تێگەیشتن لەوەشە کە پاراستنی مافی گەلان ئەرکێکی بەردەوامە و نابێت بە ناساندنی جینۆسایدی پێشوودا کۆتایی بێت. ئەزموونی کورد دەبێتە هۆی ئەوەی گرنگیی ئەم بوارە تەنها لە ڕوانگەیەکی ناوخۆییەوە نەبینین، بەڵکوو ئەو پەیامە نێودەوڵەتییەشی لێوەربگرین کە هیچ گەلێک نابێت بەهۆی ناسنامە و بوونی خۆیەوە ڕووبەڕووی لەناوبردن و سەرکوتکردن ببێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، داکۆکی لە مافەکانی گەلان و کۆمەڵگە زیانبەرکەوتووەکان، درێژەیەکی سروشتیی بەرەنگاربوونەوەی جینۆساید هەر تاوانێکیتری هاوشێوەیە و پێویستە لە چوارچێوەیەکی فراوانتری نێودەوڵەتیدا بەدواداچوونی بۆ بکرێت.
لە هەمان چوارچێوەدا، ئێمە لە قۆناغی دامەزراندنی «ژانوار»داین؛ هەوڵێک بۆ دروستکردنی دامەزراوەیەکی سەربەخۆ کە ئەرکی خۆی لە بواری جینۆساید، پێشگرتن لەو تاوانە و داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلاندا دەبینێتەوە. ژانوار لە باوەڕێکی سادە، بەڵام بنەڕەتییەوە دەست پێ دەکات: هیچ تاوانێکی جینۆساید یاخود پێشێلکردنی مافی گەلان نابێت بە تێپەڕبوونی کات لە یادەوەریی مرۆڤایەتیدا بسڕدرێتەوە و هیچ قوربانییەک نابێت بەبێ دەنگی، مافەکانی لە مێژوودا جێبهێڵدرێت. بۆیە ئامانجی ژانوار تەنها کارکردن لەسەر دۆکیۆمێنتکردنی ڕووداوەکان نییە، بەڵکوو بەشداریکردنە لە دروستکردنی کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی دژی جینۆساید، پاراستنی یادەوەریی تاوانەکان لە سڕینەوە و شێواندن، گەیاندنی دەنگی قوربانیان و داکۆکیکردن لە مافەکانی کۆمەڵگە زیانبەرکەوتووەکان، هەروەها پەرەپێدانی هۆشیارییەکی بەردەوام لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا. ئەم ئامانجانە بەیەکەوە پەیوەستن؛ چونکە کۆدەنگی بەبێ یادەوەری بەهێز نابێت، پاراستنی مێژوو بەبێ گەیاندنی دەنگی قوربانیان تەواو نییە و هۆشیاریش بەبێ بەرپرسیارێتی و داکۆکیکردنی کرداری، کاریگەرییەکەی سنووردار دەبێت. جگە لە بە بەڵگەنامەکردن و داکۆکیکردن ڕێکخستنی چاڵاکی هونەریی و ڤیدیۆییش ڕۆڵی بەرچاو و کارایان دەبێت لەو ئامانجانەی ژانوار دەیەوێ بە دەستی بێنێ، بۆ ئەوەی ڕاستی ڕووداوەکان بچێتە ناو ژیانی زۆرینەی کۆمەڵانی خەڵک و تەنها لە چوارچێوەی دەستەبژێرەکاندا نەمێنێتەوە
ژانوار دەیەوێت لەسەر ئەم بنەمایە کار بکات و جینۆساید لە بابەتێکی تەنها مێژووییەوە بگۆڕێت بۆ بابەتێکی بەردەوامی هۆشیاری، توێژینەوە و بەرپرسیارێتی.
لە کۆتاییدا، گرنگترین پرسیار ئەوە نیە کە ئایا جیهان بە ئەندازەی پێویست ڕێکخراوی تایبەت بە جینۆسایدی هەیە یان نا؛ بەڵکوو ئەوەیە کە ئایا هێشتا قوربانییەک هەیە کە دەنگی نەگەیشتبێتە جیهان، مێژوویەک کە هەوڵی سڕینەوەی بدرێت، مافێک کە بەدەست نەهاتبێت و کۆمەڵگەیەک کە لە مەترسیی لەناوبردندا بێت؟ تا ئەو کاتەی وەڵامی ئەم پرسیارانە بەڵێ بێت، ئەرکی کارکردن لەم بوارەدا بەردەوام دەبێت. ژانوار لەو تێگەیشتنەوە سەرچاوە دەگرێت کە یادەوەری نابێت تەنها بۆ ڕابردوو بێت، بەڵکوو دەبێت ببێتە بنەمایەک بۆ دادپەروەری و هەنگاوێک بۆ داکۆکیکردن؛ چونکە ئەوەی لە کۆتاییدا گرنگە، تەنها ئەوە نییە کە جیهان بزانێت چی ڕوویداوە، بەڵکوو ئەوەیە هەوڵ بدات ئەو تاوانانە دووبارە ڕوونەدەنەوە و هیچ گەلێک ناچار نەبێت بۆ پاراستنی بوون و ناسنامەی خۆی بە تەنها بەرەنگاری مێژوو ببێتەوە.
ئەحمەد ستار
